بە تۆماركردنی 15 گۆڵ لە 17 یاریدا لەگەڵ ڕیال مەدرید، رەنگە جود بێلینگهام باشترین یاریزانی لالیگا و تەنانەت تەواوی ئەوروپاش بێت لەم وەرزەدا، بەڵام ئەستێرە ئینگلیزیەكە بێبەش نییە لە كێشە و لەگەڵ فێربوونی زمانی ئیسپانیدا باش نییە.

جود بەهۆی درەوشانەوەی لە ڕیاڵدا خۆی بە قەرزاری كارلۆ ئەنچیلۆتی دەزانێت و بە تۆتۆ سپۆرتی ڕاگەیاندوو، بەشێكی گرنگ لە شانازیی ئەم درەوشاوەییە دەدەم بە ئەنچیلۆتی، كە پێگەیەكی گونجاوی بۆ من لە ڕیاڵ دۆزیەوە، لە یاریگادا ئازادی زیاترم پێدەبەخشێت و دەتوانم هەموو تواناكانم لە یاریگادا نیشان بدەم و بگەمە لوتكە.

بەڵام ئەستێرە ئینگلیزییەكە دانی بەوەدانا كە لە ڕوانگەیەكەوە ڕاهێنەرەكەی نائومێد كردووە و دەڵێت: بەداخەوە لە ڕووی فێربوونی زمانی ئیسپانی كارلۆ ئەنچیلۆتیم نائومێد كردووە و دان بەوەدا دەنێم كە لە فێربوونی زمانی ئیسپانیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی چاوەڕواننەكراو بوومەتەوە.

جود راشیگەیاند، زمانی ئیسپانی كەمێك قورسە، بەڵام بێگومان گرەنتی ئەوە دەدات ئەو كێشەیە چارەسەر دەكات و لە داهاتوویەكی نزیكدا لە چاوپێكەوتنێكدا بەو زمانە قسە دەكات.