ئێمباپێ سوورە لەسەر مانەوەی لە پاریس سانجێرمان تاكو كۆتایی گرێبەستەكەی و یانە فەڕەنسییەكەش لە ترسی یاساكانی فیفا بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێمباپێ دەكات.

رۆژنامەی ماركا لە راپۆڕتێكدا سەرنجی خستووەتە سەر مادەی 14 لە یاساكانی فیفا كە ئەم مادەیە لە دژی پاریس سانجێرمان و لە بەرژەوەندی ریاڵ مەدرید و كیلیان ئێمباپێیە.

ماركا هێمای بۆ ئەوە كردووە هیچ دەقێكی یاسایی نییە كە پاریس سانجێرمان ئێمباپێ ناچار بكات بە پێچەوانەی ویستی خۆی لە یانەكە بڕوات، سەرچاوەكە نووسیویەتی: ناكرێت فشار بخرێتە سەر ئێمباپێ بە دوورخستنەوەی لە چالاكییەكانی رۆژانەی یانەكە، لەبەر ئەوە پاریس زۆر بە هۆشیاریەوە لەگەر كەیسی ئێمباپێ هەڵسوكەوت دەكات، لە ئەگەری هەر سەرپێچییەك لە ماددەی 14ی یاساكانی فیفا، ئێمباپێ دەتوانێت گرێبەستەكەی هەڵبوەشێنێتەوە

ئەمە لە كاتێكدایە پاریس سانجێرمان هەوڵدەدات لەم هاوینە ئێمباپێ بە پارەیەكی زۆر بفرۆشێت پێش ئەوەی لە هاوینی داهاتوو بێبەرامبەر بە ئازادی لە یانەكە بڕوات، ئەمەش پێچەوانەی خواستی كیلیان ئێمباپێیە و ئەم هێرشبەرە فەرەنسیە دەیەوێت بۆ ساڵێكی دیكەش بەردەوام بێت و گرێبەستەكەی نوێ نەكاتەوە.