ماوەی ساڵێكە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەوڵی گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤای پورتوگالی و یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی دەدات بەڵام سەركەوتوو نەبووە لە گواستنەوەی چونكە دۆخێكی ئاڵۆزی ئابووری بەسەر ئەو یانەیەدا زاڵ بووە.

رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، بێرناردۆ سیلڤا تا ئێستاش چاوەڕێی هەڵوێستی یانەی بەرشەلۆنە دەكات و خەونی ئەوەیە پەیوەندی بەو یانەیە بكات لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەكە دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی كە یاریزانە پورتوگالیەكە بێهیواییەكی زۆری پێوەدیارە و بێئومێدبووە لە یانە كەتەلۆنیەكە بەڵام بەردەوام چاوەڕێی ئەوەیە كە ئەو یانەیە ئۆفەرێكی پێشكەش بكەن.

رونیشیكردووەتەوە، بێرناردۆ لە ماوەی رابردوودا چەند ئۆفەرێكی گەورەی رەتكردووەتەوە بە نمونەش یانەكانی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی و هیلالی سعودین چونكە تەنیا لە پێناو بەرشەلۆنە ئامادەیە یانەكەی ئێستای جێبهێڵێت.

سپۆرت رونیكردووەتەوە، بەرشەلۆنە پێویستی بە موعجیزە دەبێت ئەگەر بێرناردۆ بگوازێتەوە و لە دوایین كۆبونەوەشیان لەگەڵ خۆرخی میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانی ئەو یاریزانە هیچ پێشهاتێكی نوێ روینەداوە.