
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئامادەیە دەستبەرداری یەكێك لە ئەستێرەكانی ببێت، ئەگەر دەستەوارەیەكی باشی پێشكێشبكرێت.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "كارگێریی یانەی بارسێلۆنا ئامادەیە بیر لە فرۆشتنی فرێنكی دییۆنگ بكاتەوە، ئەگەر دەستەوارەیەكی گونجاو و باشی لە ماوەی گواستنەوەكانی داهاتوودا پێشكێشبكرێت."
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، كارگێڕیی بارسێلۆنا دەیەوێت بڕیارێكی روون لە دییۆنگ وەربگرێت، لەكاتێكدا هاوینی 2024 باشترین وادەیە بۆ فرۆشتنی یاریزانەكە، ئەگەر هەردوولا بڕیاری جیابوونەوە بدەن."
سەرچاوەكە دەڵێت "بارسێلۆنا چەند بژاردەیەكی هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دییۆنگ، یەكەمیان نوێكردنەوەی گرێبەستی یاریزانەكەیە بەهەمان ئەو گرنگییەی ئێستا لە یانەكەدا هەیەتی. دووەم ئەوەیە كە ئەگەر یاریزانەكە دەیەوێت بڕوات دەبێت بەڕوونی بڕیاری خۆی بە كارگێڕیی یانەكە بگەیێنێت."
بارسێلۆنا لەوە تێدەگات كە ئێستا دییۆنگ گرانترین یاریزانی تیپەكەیە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا، بەتایبەت كە گرێبەستەكەی بەبێ نوێكردنەوە تاوەكو هاوینی 2025 بەردەوامدەبێت، بۆیە پەلە دەكات لەوەی لەگەڵ یاریزانەكە بگەنە بڕیاری كۆتایی.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەبارەی دییۆنگەوە لەكاتێكدایە، یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی پێش سێ مانگ دەستەوارەیەكی بە 60 ملیۆن یۆرۆ پێشكێشی بارسا كردووە، بۆ دەستبەرداربوون لە ناوەڕاستكارە هۆڵەندییەكە، بەڵام بارسێلۆنا داواكاریی یانە ئینگلیزییەكەی رەتكردووەتەوە.
بەپێی میدیای ئیسپانیا، دەستەوارەكەی تۆتێنهام بۆ یاریزانەكە 60 ملیۆن یۆرۆ و چەند گۆڕانكارییەك بووە و بۆ ماوەی 4 ساڵ بووە، بەڵام بارسا پێی رازی نەبووە.
لە ئەگەری مانەوەی دییۆنگ لە یانەی بارسێلۆنا تاوەكو كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لە هاوینی 2025، مانەوەی یاریزانەكە 77 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانە كەتەلۆنییەكە دەكەوێت.