
پێگەی فەرمی لا لیگا ئاشكرایكرد، رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری بەرشەلۆنە بە باشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولەكە دیاریكرا و هانسی فلێك بە باشترین راهێنەر و پێدری بە باشترین ناوەڕاستكار دەستنیشانكران.
لیڤا بۆ بوون بە باشترین یاریزانی مانگی ئۆكتۆبەر كێبڕكێی لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی ریاڵ مەدرید و ئۆیارزابالی یاریزانی ریاڵ سۆسیداد و ئەنتوان گریزمان و ئەلێكس بێرگوینی یاریزانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ئەتلەتیك بلباو دەكرد و توانی بەسەریاندا سەركەوێت.
لیڤاندۆڤسكی لە مانگی رابردوو بەشداری لە سێ یاریكرد و توانی حەوت گۆڵ تۆماربكات، گرنگترینیان دوو گۆڵ بەرامبەر ریاڵ مەدرید و هاتریك بەرامبەر ئالاڤێس بوو.
لە لایەكی دیكەشەوە هانسی فلێك سەركردایەتی یانە كەتەلۆنییەكەی كرد لە سێ بردنەوەی لا لیگا بە ئەنجامی گەورە بەرامبەر ئالاڤێس و سیڤییە و ریاڵ مەدرید، هەورەها پێدری وەك ناوەڕاستكار رۆڵی گەورەی گێڕا لە ئەنجامەكان و هەردووكیان خەڵاتی باشترینی مانگی رابردوویان وەرگرت.