یانەی بەرشەلۆنە بە بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوێك بە فەرمی ماڵئاوایی لە ڕافا ماركیز كرد و ڕایگەیاند كە چیتر ڕاهێنەری تیپی دووەمی یانەكە نییە، لە راگەیەندراوەكەی بەرشەلۆنەدا هاتووە: ڕافا ماركێزی ڕاهێنەری مەكسیكی ڕێككەوتنی لەگەڵ یانەكەی كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی، دەیەوێت چالێنجێكی نوێی پیشەگەرانە دەستپێبكات، یانەكە شانازی بە كاركردن دەكات لەگەڵیدا و هیواخوازە لە داهاتوو سەركەوتوو بێت.

ماركێز كە ڕاهێنەری تیپی دووەمی بارسا بوو، ماوەیەك پێش ئێستا گرێبەستەكەی بۆ یەك وەرز درێژكردەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆفەرێكی لە یەكێتی تۆپی پێی مەكسیكەوە پێگەیشت بۆ ئەوەی بخرێتە ناو ستافی تەكنیكی هەڵبژاردەكەوە و بكرێت بە یاریدەدەری خافێر ئەگوێری ڕاهێنەر، ئەمیش قبوڵی كردووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، لەو گرێبەستەی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی مەكسیك واژووی كردووە، ڕافا ماركێز مەرجی ئەوەی داناوە كە تەنیا لە كاتی كەمپە هەڵبژاردەكە و یارییەكاندا دەگەڕێتەوە مەكسیك، هەروەها دەتوانێت لە ڕۆژانی دیكەی ساڵدا بەردەوام بێت لە ژیان لە ئەوروپا.