یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا بڵاویكردەوە، لامین یامالی هێرشبەری یانەكەیان بەهۆی هەست كردن بە ئازار بەشداری یاریەكەی ریاڵ سۆسیدادی نەكرد.

یانەكە ئاشكرایكردووە، ئەو ئەستێرە لاوەیان دوای ئەنجامدانی پشكنینە پزیشكییەكان دەركەوتووە كە تووشی پێكانبووە لە پاژنە پێی راستیدا و بەو هۆەیەش لەو یاریە بەشداری نەكرد.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ماوەی دووركەوتنەوەی لامین یامال لە نێوان دوو تا سێ هەفتەدا دەبێت و بەردەوامیش لە ژێر چاودێری پزیشكییەكانی یانەكەیاندا دەبێت.

هەمان یانە رایگەیاندووە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری پۆڵەندی یانەكەیان لە یاریەكەیان بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد تووشی پێكانبووە لە پشتیدا و هەستی بە ئازارێكی زۆر كردووە.

ئاشكراشیكردووە، لیڤاندۆڤسكی ماوەی 10 رۆژ لە یاریگاكان دووردەكەوێتەوە و پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەوە ناكات بۆ دوو یاری داهاتوو لە نەیشنز لیگ.

رونیشیانكردووەتەوە، هەردوو یاریزانەكە پێگەیەكی سەرەكی و بەهێزی پێكهاتەی هانسی فلێكی راهێنەرن لەم وەرزەدا بە شێوەیەك لیڤا 19 گۆڵی هەیە و لامین یامال شەش گۆڵی تۆماركردووە.