یانەی بەرشەلۆنە بە فەرمی رایگەیاند، دانی ئۆلمۆ لە قاچی راستی تووشی پێكان بووە و ماوەی دووركەوتنەوەی لە یاریگاكان دەگەڕێتەوە سەر راددەی وەرگرتنی چارەسەر و خێرایی چاكبوونەوەی، وە ئەوەی روونە لە ئێستادا لە یاریی داهاتووی یانەكەی بەرامبەر بێنفیكا لە چامپیۆنزلیگ بێبەش دەبێت.

میدیاكانی كەتەلۆنیاش ئاشكرایان كردووە، ئۆلمۆ لە یاریی رابردووی بارشە لە لالیگا بەرامبەر خیتافی تووشی كرژبوونی ماسوڵكەكانی پێی راستی بووە.

یاریزانە ئیسپانییە 26 ساڵانەكە، لەم وەرزەدا بەشداری 18 یاریكردووە و تێیدا خاوەنی شەش گۆڵ و سێ ئەسیستە، وە دووەمجارە لەم وەرزە تووشی پێكان دەبێت، سەرەتای وەرزیش بەهۆی كرژبوونی ماسوڵكەكانی مانگێك لە یاریگاكان دابڕا و لە هەشت یاریی یانەكەی بێبەش بوو.