
بەرشەلۆنە یادی 125 ساڵەی دروستبوونی کردەوە و ئەستێرەکانی ئەو یانەیەش پەیامیان راگەیاند.
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ئاهەنگێکی تایبەتدا یادی 125 ساڵەی دروستبوونی ئەنجامدا بە ئامادەبوونی چەندین ئەستێرەی پێشووی یانەکە لەگەڵ بەرپرسان و سەرۆکەکانی رابردوودا.
جگە لەوەش چەند ئەستێرەیەکی پێشتر بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا نەکرد بە هۆکاری جیاواز کە گرنگترینیان لیۆنێل میسی و نەیمار دا سیلڤا بوون، هوەروەها پیپ گواردیۆلاش ئامادەنەبوو بەڵام بە ڤیدیۆ پەیامی خۆیان نارد.
خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە کەتەلۆنیەکە دوپاتیکردەوە دەبێت شانازی بکەن بەم رۆژە چونکە بەشێکن لە یانەیەکی گەورەی تۆپی پێ، خەونی هاندەرانی یانەکەمان نزیکە چونکە یاریگای کامپ نۆ بەم نزیکانە تەواو دەبێت و زیاتر لە 100 هەزار هاندەر لە خۆ دەگرێت.
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیش لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزباییان لە بەرشەلۆنە کرد و نوسیویانە، پیرۆزە 125 ساڵەتان، شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە ماوەی چەندین ساڵی دوور و درێژە رکابەری یانەیەکی گەورەی وەک ئێوەمان کردووە.
لیۆنێل میسیش لە پەیامێکیدا دەڵێت، یادی 125 ساڵە پیرۆزە و شانازی دەکەم کە بەشێکم لە مێژووی ئەم یانەیە، نەیماریش دوپاتیکردەوە بەرشەلۆنەی خۆشدەوێت و هەموو کاتێک وەک هاندەری ئەو یانەیە دەمێنێتەوە، گواردیۆلا دوپاتیکردەوە بەرشەلۆنە ئەو یانەیەیە کە هەموو شتێکی پێبەخشیوە.