
لە یاری كۆتایی جامی خولەكانی ئەمریكا یانەی ئینتەرمیامی بەسەركردایەتی لیۆنێل مێسی ڕووبەڕووی یانای ناشفیل بویەوە و یاریەكەش لەكاتی ئاسایی بەیەكسانبون كۆتایهات و پەنابرایە بەر لێدانە یەكلاكەرەوەكان كە تیایدا ئینتەرمیامی 10 بە 9 بردنەوەی بەدەستهێنا.
لە تایمی یەكەمی یاریەكە ڕكابەریەكی زۆری بەخۆیەوەبینی و دوای چەند هەلێك لیۆنێل مێسی لەخولەكی 23 گۆڵەكەی میامی تۆماركرد.
لە تایمی دووەم یانەی ناشفیل باشتر دەركەوتن و توانیان لە خولەكی 57 لەلایەن بیكۆڵتەوە ئەنجامەكە یەكسان بكەنەوە و كاتی ئاسایی یاریەكە بەیەكسانبوون كۆتایهات.
دواتر لە دوو تایمی زیادكراودا یاریەكە وەك خۆی مایەوە كە لەكۆتایدا لەڕێگەی لێدانە یەكلاكەرەكانەوە میامی نازناوەكەی بەدەستهێنا.
بەوشێوەیەش ئینتەرمیامی یەكەمین نازناوی لەمێژووی خۆیدا بەدەستهێنا و لیۆنێل مێسیش بەبردنەوەی ئەو نازناوە ژمارە نازناوەكانی گەیاندە 44 نازناو و بووە یەكەم یاریزان ئەو ژمارەیە تۆماربكات.