
دوای ڕووداوەكانی یارییەكەی لیڤەرپوڵ و تۆتنهام و ڕەتكردنەوەی گۆڵەكەی لویس دیاز، یەكێتی ناوبژیوانانی خولی نایابی ئینگلیزی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و داوای لێبوردنی لە لیڤەرپول كرد و ڕەتكردنەوەی گۆڵەكەی دیازیان بە هەڵەیەكی مرۆیی ناوبرد.
لیڤەرپوول لە وەڵامی لێدوانەكەی یەكێتی ناوبژیوانانی پرێمەرلیگدا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت: لەگەڵ دانپێدانانی یەكێتی ناوبژیوانان بەو هەڵانەی ڕوویانداوە، ئەوە ڕوونە كە بڕیارەكانی لە یارییەكەدا دراون دروست نەبووە و یارییەكەش بە یەكسانی ئەنجام نەدراوە.
ئێمە بە تەواوی لەگەڵ ئەوەداین، بەڕێوبەرانی یاریەكان تووشی فشاری زۆر دەبنەوە، بەڵام دەبێت ئەم فشارانە كەمبكرێنەوە نەك زیاتر بكرێن بە بوونی یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆیی.
بۆیە بە هیچ شێوەیەك جێگەی ڕەزامەندی نییە كە دەوترێ كاتێكی تەواو نەبووە بۆ گۆڕینی بڕیارەكە یان ئەگەری دەستێوەردانی ڤار نەبووە.
هەروەها ئەوەی كە ئەم جۆرە هەڵانە وەك "هەڵەی مرۆڤانە" پۆلێن دەكرێن، ئەمەش جێی قبوڵ نییە، هەموو ئەنجامەكانی ڕابردوو و ئەم جۆرە ڕووداوانە دەبێت بە وردی پێداچوونەوەیان بۆ بكرێت، ئەمەش بۆ متمانەبوون بە بڕیارەكانی داهاتوو زۆر گرنگە، چونكە كاریگەری لەسەر هەموو یانەكان دەبێت و ئەو جۆرە كارانە بەكاردەهێنرێن بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەكە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕووداوی لەو جۆرە ڕوونەدات.