
كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی راهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی پاڵپشتیەكی بەهێزی پێگەیشت بەر لە یاری گەڕانەوەیان بەرامبەر مانچستەرسیتی لە قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
پێگەی فەرمی ڕیاڵ مەدرید ڕایگەیاند كە هەریەكە لە كەریم بنزیمە و ئێدوارد كاماڤینگای فەڕەنسی بەشداری ڕاهێنانە بەكۆمەڵەكانی یانەكەیان كردووەتەوە.
پێشتر ئەنچیلۆتی بنزیمەی بۆ یاریەكەیان بەرامبەر یانەی خیتافی دوورخستبوەوە و كاماڤینگاش لەو یاریەدا بەهۆی پێكانەوە یاریگای جێهێشت و مەترسی لە بەشداریكردنی دەكرا بۆ یاریەكەی مان سیتی.
كاماڤینگا پشكنینی لەرەی موگناتیسی بۆ ئەنجامدراوە و دەركەوتووە كە پێكانەكەی مەترسیدار نیە و دەتوانێت بەشداری یاری گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ بكات كە سەركەوتووانە ڕاهێنانە بەكۆمەڵەكانی لەگەڵ یاریزانەكانی هاوڕێی ئەنجامداوە.