
كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید لە پۆدكاستێكدا دەڵێت: ئارەزوو دەكەم وەك مێشێكبم بۆ ئەوەی بزانم هەر یاریزانێك كاتێك یاریی ناكات دەڵێت چی، لە رابردووشدا یاریزان هەبووە كە تووشی ناكۆكی بووم لەگەڵیدا بەڵام كێشەكان چارەسەر دەبن.
دوپاتیشیكردەوە، بڕیار نادەم كەی ژیانی راهێنەریم لەگەڵ ریاڵ مەدرید كۆتایی دێت، ئەوە بۆمن روونە و درەنگ یان زوو لەدەستی سەرۆك پێرێزە و ئەو بڕیار دەدات، لە داهاتووشدا دەیڤدی كوڕم دەبێتە راهێنەرێكی باش.
دەشڵێت: ڤینی بەدەست دروشمی ڕەگەزپەرستییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەو تاكە كەس نییە، وەك ئەوەی بەسەر نیكۆ ویلیامزدا هاتووە، دەبێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین، ڕەنگە ئەوان یاریزانی باشبن بۆیە وایان بەسەردێت، بەڵام دەبێت ئەمە رابگرین.
ئاماژەی بەوەشكرد، كیلیان مباپێ بەهرەیەكی تایبەتی هەیە و سەركەوتوو بووە لە بەڕێوەبردنی بە پابەندبوون و قوربانیدان، پێویستە گەنجان وەرزش بەكاربهێنن بۆ فێربوون.
ئەنچیلۆتی وتیشی: بۆ كەمكردنەوەی فشار بنێشت بەكاردەهێنم، ڕەخنەم لێدەگیرێت بەهۆیەوە، بەڵام كاتێك یارییەك دەستپێدەكات لێدانی دڵم 120 دەبێت بەڵام بنێشت یارمەتیم دەدات فشارەكان كەمببێتەوە.