
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە دوایین یاریی دۆستانەیدا، یانەی بارسێلۆنا لە لاس ڤێگاس بەرامبەر یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی یارییکرد، بەهۆی نزیکبوونەوەی لە پەیوەندیکردنی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە، عوسمان دێمبێلی بەشداریی لە یارییەکەدا نەکرد.
لەنیوەی یەکەمی یارییەکەدا، سەرەڕای هێرشەکانی هەردوولا بۆ تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام یاریزانەکان لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا دوای 10 خولەک یارییکردن لە خولەکی 55 ئانسو فاتی، بەلێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵێکی جوانی بۆ بلاوگرانا تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
دوای ئەم گۆڵە، هەوڵەکان لەلایەن یاریزانانی هەردوولاوە بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بەردەوامبوون، بارسێلۆنا دەیویست ئەنجامەکە زیاتربکاتەوە و میلانیش ئامانجی بوو یارییەکە یەکسانبکاتەوە، بەڵام یارییەکە هیچ گۆڵێکی دیکەی بەخۆیەوە نەبینی و بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا.