
لە مەشقەكانی ئەمڕۆی یانەی بارسێلۆنادا، سێ مژدەی خۆش هەبوو بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە، كە تایبەت بوون بە گەڕانەوەی سێ یاریزانی پێكراو و ئامادەییان بۆ یارییەكەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا.
سێ یاریزانی بارسێلۆنا لەو تاقیكردنەوەیەدا دەرچوون كە چاڤی هێرناندێزی راهێنەر ئامادەی كردبوو، پێش ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی پاریس سانجێرمان ببنەوە.
بارسێلۆنا لەم هەفتەیەدا هیچ یارییەك لە خولی ئیسپانیا ئەنجام نادات، بۆیە چاڤی بڕیاریدا یارییەكی مەشق و راهێنان ئەنجام بدات، كە ئەمڕۆ شەممە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی هەر سێ یاریزانی گەڕاوە لە پێكان، فرێنكی دی یۆنگ، پێدری و ئاندرێس كریستینسن بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، فرێنكی دی یۆنگ، پێدری و كریستینسن بەشدارییان لە یاریی مەشقەكاندا كردووە، هەروەها ئەو سێ یاریزانە 4 رۆژ پێش یارییەكەی پاریس سانجێرمان لە تاقیكردنەوەكەدا دەرچوون و ئامادە دەبن بۆ بەشداریكردن لە یارییەكەدا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، یارییە تاقیكارییەكە سەلماندی كە یاریزانەكان لە دۆخێكی ئەرێنیدان، هەروەها ئەو سێ یاریزانە لەژێر چاودێریدا دەهێڵرێنەوە، پێشبینیش دەكرێت پەیوەندی بە شاندی بارساوە بكەن كە بەرەو پاریس بەڕێدەكەون.
ئەو سەرچاوەیە روونیشیكردەوە، ئەستەمە بتوانرێت ئەو سێ یاریزانە پێكەوە لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكە لە یاریی بەرامبەر پاریس ببینرێن، بەتایبەتی پێدری كە تەنیا چەند خولەكێك دەتانێت بەشداری بكات، چونكە لە پێكانی ماسوولكەكانی رانی گەڕاوەتەوە، هەروەها نایانەوێت سەركێشی پێوە بكەن بەلەبەرچاو گرتنی یارییەكەی گەڕانەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەری ئەوە زیاترە كە كریستینسن و دی یۆنگ بەشداری لە پێكهاتەی سەرەكیدا بكەن بەرامبەر پاریس، بەتایبەتی یاریزانە هۆڵیندییەكە كە چاڤی پشتی پێدەبەستێت.