ڕۆژنامەی لا پۆرتیریای كەتەلۆنی بڵاویكردەوە، خۆرخی میسی باوكی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، كە لە هەمان كاتدا بەڕێوەبەری كارەكانیەتی، ئارەزوو ناكات كوڕەكەی بگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە هاوینی داهاتوودا، بەتایبەت كە یانە كەتەلۆنیەكە قەیرانی دارایی هەیە.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، باوكی میسی ئارەزوو دەكات كوڕەكەی پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعودیەوە بكات و سود لە گرێبەستە گرانبەهاكەی ئەو یانەیە وەربگرێت، كە ئامادەیە سەرنجی میسی بە بڕێكی خەیاڵی ڕابكێشێت بۆ پەیوەندیكردن بە خولی ڕۆشنی سعودیەوە.

باوكی میسی متمانەی بە بەرپرسەكانی ئێستای بەرشەلۆنە نییە و پێیوایە گەڕانەوە بۆ یاریگای كامپ نۆ لە سودی كوڕەكەیدا نابێت، ئەمەش هۆكاری سەرەكی پشت ئارەزووەكەیەتی، كە پەیوەندیكردنە بە خولی سعودییەوە.

باسی لەوەشكردووە، لە بەرامبەردا میسی ئارەزوو دەكات بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە، پاش بەسەربردنی دوو ساڵ لە یانە پاریسیەكە، كە ئەمەش پێچەوانەی ئارەزووەكەی باوكییەتی.

بەپێی ڕاگەیاندنەكان هیلال گرێبەستێكی دوو وەرزی بە موچەی ساڵانەی 400 ملیۆن یۆرۆ پێشكەشی میسی كردووە، بێجگە هەندێك شایستەی دارایی تر لە سپۆنسەر و پاداشت و گۆڕانكاری.