
یانەی بایرن میونشی ئەڵمانی بڕیاریداوە بەهای ئەو ئۆفەرە بەرز بكاتەوە كە پێشكەشی بەرشەلۆنەیان كردووە لە پێناو گواستنەوەی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریكاری یانەكە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ماركا، بایرن میونشن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بە زیادكردنی بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ گواستنەوەی یاریزانەكە بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ لە پێناو ئەوەی بتوانن پەلكێشی ریزەكانی یانەكەیان بكەن.
یانە باڤارییەكە پێشتر لە زستانی ڕابردوودا ئۆفەرێكی 90 ملیۆن یۆرۆیان پێشكەشی بەرشەلۆنە كرد لە پێناو گواستنەوەی ئاراوخۆی 25 ساڵان بەڵام بەڕێوبەرانی یانە كەتەلۆنەكە رەتیانكردەوە.
هەرچەن تا ئێستا بایرن میونشن ئۆفەرە نوێیەكەی پێشكەش نەكردووە، بەڵام یانەكە ڕەزامەندی خۆی نیشانداوە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای ئۆفەرە چاوەڕوانكراوەكە بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ، كە ئەگەری هەیە ئەم گرێبەستە نوێیە وا لە بەرشەلۆنە بكات بیر لە فرۆشتنی بەرگریكارە لاوەكەی بكاتەوە.
لە میانی لێدوانەكانی پێشوودا ئاراوخۆ ئاماژەی بەوەكردبوو كە هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكات لەگەڵ بەرشەلۆنە، و بیر لە جێهێشتنی كامپ نو ناكاتەوە، بەڵام بابەتەكە تەنیا پەیوەست نییە بە دڵخۆشی ئەوەوە.