مانچستەر سیتی بەفەرمی گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای پوما نوێكردەوە و تا ساڵی 2035 هەر ئەم كۆمپانیایە سپۆنسەری جلوبەرگی یانە ئینگلیزییەكە دەبێت، یانەكەش لە ماوەی 10 وەرزی داهاتوو یەك ملیار یۆرۆ وەردەگرێت لە كۆمپانیاكە.

پوما لە ساڵی 2019ەوە سپۆنسەری دابینكردنی درێس و جلوبەرگە وەرزشییەكانی یانەكە دەكات، گرێبەستی پێشوویان بریتیبوو لە 65 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە و بەپێی گرێبەستە نوێییەكەش شین و سپی پۆشەكانی مانچستەر بەڕێژەیەكی بەرچاو داهاتیان زیاد دەكات.

تایارۆن مارشاڵ رۆژنامەنووسی ئینگلیزی لە ماڵپەڕی مانچستەر ئیڤنینگ نیوز ئاشكرایكردووە، گرێبەستە نوێیەكەی مان سیتی لەگەڵ پوما بۆ ماوەی 10 وەرز دەبێت، هەر وەرزێك بەرامبەر 100 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، بەمەش مان سیتی لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو نزیكەی ملیارێك یۆرۆی لە پوما دەست دەكەوێت و دەبێتە خاوەنی گرانبەهاترین گرێبەستی سپۆنسەریكردن لە پریمەر لیگ.