دانی ئۆلمۆی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە لە یارییە دواخراوەكەی یانەكەیان بەرامبەر ئۆساسۆنا لە خولی ئیسپانیا تووشی پێكانهات و بە ناچاری لە تایمی یەكەمدا یاریگای جێهێشت.

دواتر یانە كەتەلۆنییەكە لە تاقیگەی فەرمی خۆیان پشكنینی پزیشكیان بۆ یاریزانەكە ئەنجامدا و بڵاویان كردەوە كە ئەو یاریزانە تووشی پێكانبووە لە ماسولكەكانی رانی راستیدا.

یانەكە دوپاتیكردووەتەوە كە دانی ئۆلمۆ بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاكان دووردەكەوێتەوە بەهۆی ئەو پێكانەی كە تووشیبووە و ئەو ماوەیەی پێویستە تا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ یاریكردن.

بەو پێیەش بێت، ئەو یاریزانە بێ بەش دەبێت لە بەشداریكردن لە شەش یاری یانەكەی كە بەرامبەر جیرۆنا و ریاڵ بیتیس و لیگانێس لە خولی ئیسپانیا و ئەتلەتیكۆ مەدرید لە جامی شا و هەردوو یارییەكەی بروسیا دۆرتمۆند لە چامپیۆنز لیگ.