دوای بردنەوە بەنرخەكەی بەرشەلۆنە لە سیڤییە، یانە كەتەلۆنییەكە بە سەركردایەتی هانسی فلێكی ئەڵمانی راهێنەری تیپەكە نزیك بووەوە لە مێژوویەكی 82 ساڵەی نایاب.

بە گوێرەی تۆڕی ئاماری ئۆپتا، بەرشەلۆنە لە یەكەم 11 یاری ساڵی 2025ـدا 41 گۆڵی تۆماركردووە، ئەوەش دووەم باشترین دەستپێكی ساڵی تازەیە لەدوای ساڵی 1943.

تۆڕەكە دوپاتیكردووەتەوە، باشترین دەستپێكی ساڵی تازەی یانە كەتەلۆنییەكە لە ساڵی 1943 بوو كاتێك لەسەر دەستی راهێنەر خوان خۆسێ نۆگێز توانیان لە یەكەم 11 یاریدا 42 گۆڵ تۆماربكەن.

بە بردنەوەی بلاوگرانا لە سیڤییە كۆی خاڵەكانیان گەیاندە 48 خاڵ و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیان و زیاتر خۆیان لە ئەتلەتیكۆ مەدرید و ریاڵ مەدرید نزیك كردەوە.