سێپ بلاتەر، سەرۆكی پێشووی فیفا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پۆدكاستی كالچیۆ دور ڕەخنەی لە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی جیهانی تۆپی پێ گرت و ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە شێوازەی بەڕێوەبردنی ئێستای فیفا بە سەركردایەتی جیانی ئینفانتینۆ.

بلاتەری تەمەن 89 ساڵان، لە ساڵی 1998 تا 2015 سەرۆكی فیفا بووە، پێی وایە لە ئێستادا تۆپی پێی لە ژێر فشارێكی زۆردایە، ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی خشتەی یارییەكان، یاریزانەكان فشاریان لەسەرە، سپۆنسەرەكان فشاریان لەسەرە، هاندەران فشاریان لەسەرە، وە هەموو شتێك قورس بووە.

وتیشی: بلیتەكان گرانتر بوون و هەروەها ڕێژەی پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیش گرانتر بوون، ئێستا گەیشتوینەتە خاڵێك كە دەبێت بڵێین بەسە و ئەم پرۆسەیە دەبێت بوەستێت، حەزم لەم جۆرە بەڕێوەبردنە نییە، بەڵام ناتوانم بیگۆڕم، چونكە ئێستا كەسانی دیكە بەرپرسن.

لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، بلاتەر باسی لە پرسی گەندەڵی كرد و دیدێكی دیكەی پێشكەش كرد، فیفای بە ئاوێنەیەكی كۆمەڵگا وەسف كرد و وتی: گەندەڵی لە هەموو جیهاندا هەیە، ئەم گەندەڵییە لە ئیرەیی و تەماح و ڕقەوە سەرچاوە دەگرێت، تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەندەڵە نەك تەنها فیفا، دەبێت دان بەوەدا بنێم، هەرچەندە بۆ ماوەیەكی زۆر باوەڕم نەدەكرد فیفا دەستی لەم گەندەڵییە هەبێت.