كەریم بنزیمەی هێرشبەری یانەی ئیتیحادی سعودی پێش یاریە بەهێزەكەیان بەرامبەر هیلال لە هەفتەی چوارەمی خولی سعودیە رایگەیاند، سەرجەم یارییەكان گرنگی خۆیان هەیە بەڵام ئێستا پێویستە كەمێك پشوو وەربگرن و دواتر خۆیان بۆ ئەو یاریە بەهێزە ئامادەبكەن.

بنزیمە وتی، سەرجەم یارییەكانی داهاتوومان هاوشێوەی یاری كۆتایین و دەچینە یاریگای هیلال لە پێناو شەڕ كردن و پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرز تا بتوانین بردنەوە بەدەستبهێنین.

وتیشی، لە یاری رابردوودا ئاستێكی نایابمان پێشكەشكرد و توانیمان حەوت گۆڵ تۆماربكەین و هاندەران پشتگیری تەواویان كردووین لەبەرئەوەشە بەردەوام پێویستمان پێیانە.

رونیشیكردەوە، پێكهاتەی ئێستای یانەكەیان بەهێزە و بوونی موسا دیابی و حوسام عەوار هێزێكی زیاتری پێبەخشیون، ئەو دوو یاریزانە مەترسیدارن و چێژی زیاتریان بە یاریەكانی یانەكەیان داوە.