
كەریم بنزیمەی فەرەنسی و هێرشبەری یانەی ئیتیحادی سعودی لە لێدوانێكیدا پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێ رایگەیاند، ئامانجی یەكەمیان لەم وەرزەدا بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولی سعودیەیە.
بنزیمە وتی، ئێمە لێرەین لەپێناو ئەنجامدانی كێبڕكێ كردن لەسەر هەموو پاڵەوانێتییەكان، نامانەوێت تەنها ژمارەكانی خۆمان زیاد بكەین بەڵكو ئامانجمان ئەوەیە یارمەتی تیپەكەمان بدەین و زۆریش بەرەوپێشچووین.
وتیشی: ئێستا یانەكەمان خاوەنی راهێنەرێكی نوێیە كە ئەزمونێكی زۆری هەیە و زیرەكانە كارەكانی ئەنجامدەدات، جگە لەوەش ئەستێرەی نوێ هاتونەتە یانەكەمان كە ئەوانیش موسا دیابی و حوسام عەوارن، بە دڵنیاییەوە سەرسامم پێیان.
رونیشیكردەوە، ئەوان وەك سەركردەی یانەكە ئەركیان ئەوەیە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و رێگا نیشاندەری یاریزانە نوێیەكان بن كە پەیوەندیان پێوە كردوون.
بنزیمە هاوینی ساڵی رابردوو پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادەوە كرد و بەشداری 29 یاری یانەكەی كرد، 13 گۆڵی بۆ یانەكەی تۆماركرد جگە لەوەش خاوەنی هەشت ئەسیست بووە.