بنزیمە پەشیمانە لە چوون بۆ ئیتیحاد و سعودیەکانیش بە یەک مەرج رێگا بە رۆیشتنی دەدەن.

تۆڕی ریلیڤیۆ ئیسپانی لە نوێترین هەواڵیدا لەسەر کەریم بنزیمە بڵاویکردەوە، هێرشبەرە فەرەنسیەکە هەست بە پەشێمانی دەکات لە چوونی بۆ یانەی ئیتیحادی سعودی .

تۆڕەکە رایگەیاندوە، یاریزانە فەرەنسیەکە بە کەسە نزیکەکانی وتوە هەست بە نائومێدیەکی زۆر دەکات چونکە ئەزمونێکی خراپی لەگەڵ یانەکەی ئێستای بینیوە لەچاو هەستە باشەکەی کاتێک لە خولی ئیسپانیا بووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، کەریم بنزیمە لە ئێستادا تەنیا یەک ئامانجی هەیە ئەویش جێهێشتنی یانەی ئیتیحادە چونکە بە هۆکارێکی دابەزینی ئاستی دادەنێت و دڵئیاشە لەوەی ناتوانێت لە وەرزی داهاتووشدا کێبڕکێی بردنەوەی نازناوەکان بکات.

دەشڵێت، سندوقی وەبەرهێنانی سعودی بە هیچ شێوەیەک رێگا نادەن بنزیمە لە خولەکەیان بڕوات لانی کەم تا ئەو کاتەی گرێبەستە سێ ساڵیەکەی کۆتاییدێت.

رونیشیکردووەتەوە، سعودیەکان ئامادەیی ئەوەیان تیادایە کە یانەکەی بنزیمە بگۆڕن و بیگوازنەوە یانەیەکی تری سعودیە کە ئەوەیان دەتوانێت خۆی دیاریبکات.

ریلیڤیۆ دوپاتیکردەوە، تەنیا لە یەک کاتدا سندوقی وەبەرهێنانی سعودی ئامادەیی ئەوەیان تیادایە ئەو یاریزانە بە یانە ئەوروپییەکان بفرۆشن ئەویش ئەگەر ئۆفەرێکی گەورەیان پێشکەش بکرێت ئەوەش کارێکی مەحاڵە چونکە بنزیمە تەمەنی هەڵکشاوە و ئاستە بەرزەکەی پێشتریشی نەماوە.