كەریم بنزیمە ماوەیەك پێش ئێستا گەیشتبووە ئاستێك دەیویست ریزەكانی ئیتیحاد جێبهێڵێت، ئەویش بەهۆی كێشە و ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ گالاردۆی راهێنەری پێشووی یانەكە.

لەو ماوەیەدا باس لەوەدەكرا یاریزانەكەی پێشووی ریاڵ مەدرید دەیەوێت بگەڕیتەوە بۆ ئەوروپا بۆ یاریكردن، بەڵام پاش ئەوە گالاردۆ لابرا و لۆران بلانی هاونیشتیمانی جێیگرتەوە یاریزانەكە بە تەواوی بیرۆكەی گۆڕا.

لە ئێستاشدا كەریم بنزیمە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەڕەی فەرمی خولی ڕۆشەنی سعودی كردووە و تێیدا دەڵێت: ژیان لە جددە وەك ئەوە وایە بۆ من دروستكرابێت، ئەگەر بتەوێت بە پێ ڕێبكەیت باشترین ڕێگاكان لە نزیكەوەن، ئەگەر بتەوێت بڕۆیت بۆ كەنار دەریا دوو هەنگاو دوورە، هەمیشە باشترین شوێنەكانت هەیە بۆ خواردنەوەی قاوە یان پشوودان.

لە درێژەی ئەم چاوپێكەوتنەدا بنزیمە باسی لە دۆخی یانەی ئیتیحاد كرد و تێیدا وتی: ئامانجمان ئەوەیە تیپەكە بگاتە بارودۆخێكی نایاب، دەبێت زۆر پێشبكەوین و بەخۆشحاڵیەوە ئێستا لەسەر ڕێگایەكی باشین.

ئەستێرەكەی ئیتیحاد سەبارەت بە پلانەكانی بۆ داهاتووش رایگەیاند، لە سعودییە دەستی بە چەندین پڕۆژە كردووە و پلانی جۆراوجۆری هەیە، دەیەوێت تەنانەت دوای وازهێنانی لە یاریكردنیش لە جددە بمێنێتەوە و لە ژیانكردنی لە شارەكە زۆر رازییە و ئاسوودەیە.