ڕۆژنامەی مۆندۆی كەتەلۆنی بڵاویكردەوە، لە سعودیەوە ئۆفەرێكی خەیاڵی بۆ دوو وەرز پێشكەشی كەریم بنزیمەی فەڕەنسی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی كراوە، بە موچەی ساڵانەی 100 ملیۆن یۆرۆ.

فابریزیۆ ڕۆمانۆی شارەزا لە گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لە ئەوروپا ئاشكرایكرد، بنزیمە هەفتەی ڕابردوو پێش یارییەكەی بەرامبەر سیڤییە ئۆفەرەكەی پێگەیشتووە و یانە مەدریدیەكەی لە ئۆفەرەكە ئاگاداركردووەتەوە و دووپاتیكردووەتەوە بەم نزیكانە بڕیاری خۆی دەدات.

ڕۆمانۆ باسی لەوەشكردووە، ڕیاڵ مەدرید بە بنزیمەی وتووە ئەگەر دەیەوێت بەردەوامبێت، ئەوا گرێبەستەكەی ئامادەیە و تەنیا پێویستە واژۆی لەسەربكات.

هاوكات ماریۆ كۆرتیگانای ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەی زەئەتلەتیكی بەریتانی ئاماژە بەوەدەكات، ڕیاڵ مەدرید بڕیاری كۆتایی لە بنزیمە وەرگرتووە و كارگێڕی یانەكەش هەموو بڕیارێك قبوڵ دەكات كە لە بنزیمەوە بدرێت.

ماریۆ ئاشكرایكردووە، سەرچاوەیەك لە ژووری جلگۆڕینی ڕیاڵ مەدرید وتوویەتی بنزیمە بۆ یەكەم جار ئاگاداریكردوونەتەوە دوو هەفتە لەمەوپێش ئۆفەرێكی گرانبەهای عەرەبی پێگەیشتووە، بەڵام لەوە زیاتر هیچی نەوتووە و باسی لەوە نەكردووە ئۆفەرەكە قبوڵ دەكات یان نا.