
برایم دیازی مەغریبی و یاریزانی ریاڵ مەدرید ئیسپانی تا هاوینی ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەكەی هەیە و بیری لە جێهێشتنی نەكردووەتەوە هەرچەندە یاریزانێكی سەرەكیش نییە.
بەرنامەی ئێلچیرینگیتۆی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە هەوڵی بەدەستهێنانی تواناكانی یاریزانە مەغریبیەكەیان داوە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا.
ئەو بەرنامەیە ئاشكرایكردووە، سعودیەكان ئۆ فەرێكی گەورەیان پێشكەشی برایم دیاز كردووە كە بۆ ماوەی چوار ساڵ پەیوەندی بە یەكێك لە یانەكانی وڵاتەكەیانەوە بكات و تێكڕای مووچەی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا 100 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
دوپاتیشیكردووەتەوە، سەرەڕای ئەو ئۆفەرە گەورەیە بەڵام برایم دیاز رەتیكردووەتەوە یانەی شاهانە جێبهێڵێت و بڕیاریداوە لەو یانەیە بەردەوامی بدات بە یاریكردن، دەشیەوێت وەرزی داهاتوو بیسەلمێنێت كە شایستەی ئەوەیە لە پێكهاتەی سەرەكی یانە ئیسپانیەكەدا بێت.
دیاز وەرزی رابردوو 44 یاری بە درێسی یانەی ریاڵ مەدریدەوە ئەنجامدا و 12 گۆڵ و نۆ ئەسیستی هەبووە، نازناوەكانی چامپیۆنز لیگ و لا لیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵدا بەدەستهێناوە.