لە درێژەی یارییەكانی قۆناغی یەكەمی چامپیۆنز لیگ، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی رووبەڕووی یانەی ئەستۆن ڤێلای ئینگلیزی بووەوە.

لە تایمی یەكەمدا، یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێكی مامناوەندیان پێشكەشكرد و نەیانتوانی گۆڵ تۆماربكەن.

لە تایمی دووەمدا و لە خولەكی 79 جۆن دواران گۆڵكی بۆ ئەستۆن ڤێلا تۆماركرد و سەرەنجام یاریەكەیان بە گۆڵێكی بێبەرامبەر لە بایرن میونشن بردەوە.

لە هەمان قۆناغ، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بە بەنفیكا دۆڕا، ئەتڵانتا بردنەوەی بەسەر شاختار بەدەستهێنا.

بەنفیكا خاڵەكانی گەیاندە شەش خاڵ و لە پلەی سێیەمدایە و ئەستۆن ڤێلاش بە هەمان خاڵ پلەی شەشەمی گرتووە، بایرن میونشن سێ خاڵی هەیە و لە پلەی 15 دەبینرێت.

لەلایەكی تر یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی لیلی فەرەنسی.

لە تایمی یەكەمدا و لە خولەكی دووی زیادكراودا جۆناسان دەیڤد گۆڵێكی بۆ لیل تۆماركرد و ئەو تایمە بەو تاكە گۆڵە كۆتاییهات.

لە تایمی دووەمدا، یاریزانانی ریاڵ مەدرید هەوڵی یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكەیاندا بەڵام سەركەوتوو نەبوون و سەرەنجام لیل بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بە گۆڵێكی بێبەرامبەر یاریەكەی بردەوە.

لە یارییەكانی تریشدا، یانەی لیڤەرپوڵ میوانداری بۆلۆنیای كرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەی بەسەردا بەدەستهێنا، یۆڤانتۆس لە لایپزیگی بردەوە و مۆناكۆ و دینامۆ زەگرەب یەكسانبوون.

بەو ئەنجامانە، لیڤەرپوڵ شەش خاڵی هەیە و لە پلەی پێنجەمدایە، یۆڤانتۆس پلەی حەوتەمی گرتووە و ریاڵ مەدرید دابەزی بۆ پلەی 17.