
ئەمڕۆ سێ شەممە لە یەكەم یاری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنز لیگدا، یانەی ریاڵ مەدریدی پاشای مێژووی پاڵەوانێتیەكە لە یارییەكی ئاگریندا و لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی دەكات.
ریاڵ مەدرید هەرچەندە لەم وەرزەدا ئەنجامەكانی لە خولی ئیسپانیا وەك پێویست نەبووە بەڵام هاوشێوەی وەرزی رابردوو لە چامپیۆنز لیگ بە درەوشاوەییەوە دەركەوتووە و بەهۆی ئەزمونە زۆرەكەیەوە پاڵێوراوە بۆ گەیشتن بە یاری كۆتایی.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە ئێستادا ئەستێرەی یەكەمی ریاڵ مەدریدە و لەم وەرزەدا لەكۆی 50 یاریدا 22 گۆڵی تۆماركردووە 21 ئەسیستی هەیە مەترسیدارترین یاریزانی یانەكەیە، كەریم بنزیمەش هێرشبەری سەرەكی یانەی شاهانە لەم وەرزەدا 29 گۆڵی تۆماركردووە لە 38 یاریدا و بەردەوام بۆ تۆماركردنی گۆڵ لە یانەكەدا پشتی پێدەبەسترێت و كێشە بۆ بەرگریكارانی بەرامبەر دروستدەكات.
لە بەرامبەردا، یانەی مانچستەر سیتی وەرزێكی نوێ بەڕێدەكات و پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوەكانی چامپیۆنز لیگ و پریمەر لیگ و جامی یەكێتی ئینگلتەرا.
مان سیتی خاوەنی تیپێكە كە یەكێكە لە بەهێزترین پێكهاتەكانی ئەم وەرزە لە جیهاندا بە راهێنەرایەتی پیپ گواردیۆلا، بەشێوەیەك كە جیاوازی لە نێوان پێكهاتەی سەرەكی و یەدەگەكانیدا نییە و بەو هۆیەش وەك پاڵێوراوی سەرەكی دەبینرێت بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ.
ئێرلینگ هالاند هێرشبەرەكەی مانچستەر سیتی، ئەو یاریزانەیە كە ترسی لای بەرگریكاری تیپەكانی بەرامبەر دروستكردووە بەهۆی ئاستە بەرزەكەیەوە بەشێوەیەك كە لەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا لە كۆی هەشت یاری 12 گۆڵی تۆماركردووە و لە پێشەنگی گۆڵكارانی پاڵەوانێتیەكەدایە.
كیڤن دی برۆینیش یاریزانە مەترسیدارەكەی تری مانچستەر سیتیە و سەركردایەتی هێڵی ناوەڕاست دەكات و لەم وەرزەدا تا ئێستا 27 ئەسیستی كردووە لە 43 یاری یانەكەیدا و خاوەنی نۆ گۆڵە.
ریاڵ مەدرید و مانچستەر سیتی لە مێژووی چامپیۆنز لیگدا هەشت جار رووبەڕووی یەكبونەتەوە، هەریەكەیان سێ بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوو یاریشدا یەكسانبوون، دوایین یاریان لە هەمان قۆناغی پێش كۆتایی وەرزی رابردوودا بوو كە بە ئەنجامی یارییەكان و چوون و گەڕانەوە یانەی ریاڵ مەدرید سەركەوتنی بۆ یاری كۆتایی بەدەستهێنا.