بە خەیاڵی باڵادەستیی درێسە سپییەكەی ریال مەدرید بەسەر ئەوانی دیكەدا لە چامپیۆنزلیگ.. بە ئیلهام وەرگرتن لە وەرزێكی لێوانلێو لە ریمۆنتادا بەسەر ئەوانیدیكەدا.. بە بیركردنەوە لە درەوشانەوەكانی كەریم بنزیما.. ریال مەدرید میوانداری چێڵسی دەكات و یارییەكەش یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ دەبێت.

كەس ناتوانێ بەدڵنیاییەوە باس لەوە بكات ریال مەدریدی ئەمساڵ هیچی لە وەرزی رابردوو باشترە، بەڵام كەسیش ناتوانێ گرەو لەسەر ئەوە بكات ریال مەدرید لە خراپترین دۆخیشیدا لە چامپیۆنزلیگ ئاوت دەكات.. ئەوەی ئەو گرەوەی كرد لە قۆناخی پێشوودا، لیڤەرپوولی ئینگلیزی بوو، بەڵام وەك هەمیشە ریال مەدرید زوو بەبیری ئینگلیزەكانی هێنایەوە، ئەوە ریال مەدرید نییە بەئاسانی بچێتە ژێر باری هیچ هاوكێشە و هیچ رووداوێكەوە.

ئەمجارەش، لەم قۆناخی چامپیۆنزلیگدا، ركابەرەكەی ریال مەدرید یانەیەكی دیكەی ئینگلیزییە كە چێڵسییە.. یانەیەك كە لەگەڵ یەكەم دەركەوتن لە یارییەكەی ئەمشەودا لە نێو سانتیاگۆ، نیوەی یاریزانەكانی بیریان دەكەوێتەوە ئەوان وەرزی رابردوو لەو یاریگەدا دووچاری چ دۆخ و چ زەحمەتییەك بوونەوە و چۆن ریال مەدرید بە ریمۆنتادایەك، ئەوانی لە پاڵەوانێتییەكە كردە دەرەوە.

ئەوەی لە دوو یارییەكەی وەرزی رابردوو جیاوازە بۆ هەردوو یانە، ئەوەیە كە ئەمساڵ یاریی یەكەم لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆدایە، لە كاتێكدا وەرزی رابردوو بەپێچەوانەوە بوو، ئەمە پێویستی دەكات لەسەر كارلۆ ئەنچیلۆتی و یاریزانەكانی، هەوڵبدەن لە یارییەكەی ئەمشەودا بە ئەنجامێكەوە بێنە دەرەوە، لە یاریی گەڕانەوەدا چێڵسی نەئومێدی زۆری هەبێت، نەتوانای دروستكردنی زەحمەتیی بۆ ریال مەدرید هەبێت.

 یارییەكەی ئەمشەو، یارییە لە نێوان ریال مەدریدێكی ناسەقامگیر لە رووی ئەنجامەكان لە وەرزی ئەمساڵ لە هەندێك پاڵەوانێتی و سەرمەست بەبەردەوامبوون لە هەندێك پاڵەوانێتی، لەگەڵ چێڵسییەك كە بەرۆژانێكی تەواو لە ناسەقامگیریدا لە هەموو روویەكەوە تێدەپەڕێت.

ئەگەر ریال مەدرید تاوەكو ئێستا لەوە دڵنیابێت كە توانای بەرگریكردن لە نازناوەكەی وەرزی رابردووی هەیە و ئەوەندەشی هێز پێشانداوە بۆ ئەوەی بەسەر چێڵسیدا بپەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی زێڕین، چێڵسی لە هیچ روویەكەوە، هیچ دڵنیاییەك لە خۆیدا نابینێت و یانەكە تەنیا چامپیۆنزلیگی وەك ترووسكایی ئومێدێك بۆ دەرچوون لە وەرزێكی پڕ لە شكست لەبەردەستدایە.

بەڵام پرسیارە گەورەكە ئەوەیە، لە كاتێكدا سەقامگیریی ریال مەدرید مایەی دڵنیایی و ناسەقامگیری چێڵسی مایەی دڵەڕاوكەیە.. ئەنجامی كۆتایی هەردوو یاری وا ناكات چێڵسی وەك پەرچەكردار بەرامبەر كۆی دۆخی ئەمساڵی خۆی، بەباشترین ئەنجامەوە لە قۆناخەكە بێتە دەرەوە؟.