
لە چامپیۆنزلیگ و لە كۆمەڵەی هەشتەم یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی ڕووبەڕووی یانەی رۆیاڵ ئەنتوێربی بەلجیكی بوویەوە.
لە تایمی یەكەم یانەی بەرشلۆنە بە ئاستێكی زۆر خراپ دەركەوت و لە خولەكی دوو گۆڵێكی لێتۆماركرا لەلایەن ئارسەر ڤێرمیرین و پاشان لە خولەكی 35 گۆڵی یەكسان بوونی تۆماركرد لەلایەن فێران تۆرێس.
لە تایمی دووەمدا و لە خولەكی 56 ڤیسێنت جانسن گۆڵی دووەمی یانە بەلجیكیەكەی تۆماركرد، لە خولەكی یەكی كاتی زیادكراوی تایمی دووەم ماڕك گویۆ گۆلی یەكسان بوونی بۆ یانە كەتەلۆنیەكە تۆماركرد بەڵام پاش خولەكێك یانەی رۆیاڵ ئەنتوێرب سێیەم گۆڵی تۆماركرد لەلایەن جۆرج ئیلینخیا.
سەرەنجام یانەی بەرشلۆنە بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ بە یانەی ڕۆیاڵ ئەنتوێرب دۆڕا بەڵام بە پێشەنگی كۆمەڵەكەی خۆی گەیاندە قۆناغی 16 و یانە بەلجیكیەكە بە سێ خاڵ ماڵئاوایی كرد.
لە یارییەكی تری هەمان كۆمەڵە یانەی پۆرتۆی پورتوگالی بە پێنج گۆل بەرامبەر دوو گۆل لە شاختاری ئۆكرانی بردەوە و وەك دووەم یانە كۆمەڵەی هەشتەم گەیشتە قۆناغی 16 و یانەی شاختار بەشداری پاڵاوتنەكانی یۆرۆپالیگ دەكات.
لە كۆمەڵەی پێنجەم ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە لازیۆی ئیتاڵی بردەوە و پێشەنگی كۆمەڵەكەی گرت و لازیۆش وەك دووەم یانە گەیشتە قۆناغی داهاتوو.
لە یارییەكی تری هەمان كۆمەڵە یانەی سێڵتیكی سكۆتلەندی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە فاینۆردی هۆڵەندی بردەوە بەڵام یانە هۊڵەندیەكە بە شەش خاڵ خۆی گەیاندە پاڵاوتنەكانی یۆرۆپالیگ و سێڵتیك ماڵئاوای كرد.