بەرشەلۆنە بردنەوەیەكی قورسی بەرامبەر لاس پاڵماس بەدەستهێنا و دوای یارییەكەش چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانە كەتەلۆنییەكە ئاماژەی بەوەكرد، یارییەكی نایابیان ئەنجامدا، هەروەها هەلی گۆڵكردنی زۆر ڕوونیان هەبوو، یارییەكەش زۆر بە باشی بەڕێوەچوو دوای ئەوەی گۆڵچی یانەی لاس پاڵماس بە كارتی سوور كرایە دەرەوەی یاریگا.

چاڤی وتیشی: ئێمە دەمانزانی كە لاس پاڵماس بە بەرگرییەكی زۆر پێشكەوتووەوە یاری دەكات، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش پشتم بە ڕافینها و لامین یامال بەست، یارییەكەش پێویستی بە هاتنە ناوەوەی جواو فیلێكس هەبوو، ئەویش ئەو گۆڵە نایابەی دروستكرد كە رافینها تۆماری كرد .

سەبارەت بە یارییەكانی داهاتوو دەڵێت: سەرەتا دەبێت بەرامبەر قادش بردنەوە بەدەستبهێنین، دواتر بیر لە ئیل كلاسیكۆ بكەینەوە، بێگومان دەمانەوێت ڕكابەری ڕیال مەدرید بكەین بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لا لیگا، بەڵام ئەوە پەیوەست نییە بە ئێمەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ناوبژیوان كۆمەڵێك هەڵەی روونی ئەنجامدا، بەڵام لە كۆتایدا دڵخۆشە و شانازی بە تیپەكەیەوە دەكات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە.