پێش روبەڕوبوونەوەی ناپۆلی، چاڤی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، ئامانجی ئەوان سەركەوتنە بۆ قۆناغی چارەگی كۆتایی و چامپیۆنز لیگ باشترین دەرفەتە بۆ پیشاندانی ئاستێكی نایاب، ناپۆلیش یانەیەكی بەهێزە سەرەڕای ئەوەی تازە راهێنەریان گۆڕێوە بەڵام راهێنەرە نوێیەكەیان بەباشی تیپەكەی دەناسێت.

وتیشی: چانسی هەردوولا پەنجا بە پەنجایە، ئێمە ئەو دوو یانەیەین كە وەرزی ڕابردوو خولی ناوخۆیمان بردوەتەوە، ئەوان وەرزێكی باشیان نەبووە و ئێمەش وەرزێكی پڕ لە هەوراز و نشێومان بەسەر بردووە، كاتی ئەوە هاتووە لە یاریگادا شتەكان بسەلمێنین.

ئاماژەی بەوەشدا، یاریكردن لە چامپیۆنزلیگ بۆ لیڤاندۆڤسكی و پێدری و دی یۆنگ زۆر گرنگە و ئەستێرە پۆڵەندیەكەش پێشەنگێكی گەورەیە، وە بە تەواویش لە دی یۆنگ تێدەگات چونكە هەموو یاریزانێك لە بەرشەلۆنە هەست بەوەدەكات زووڵمی لێدەكرێت ئەویش بەهۆی ئەو درۆیانەی لە رۆژنامەكانەوە بڵاودەكرێنەوە.

چاڤی دوپاتیشیكردەوە، لەدوای ئەوەی ماڵئاوایكردووە فشارەكان بە هیچ شێوەیەك لەسەری كەمنەبوونەتەوە و بەهەمان شێوەی پێشووە، رەتیشیكردەوە باس لە داهاتووی بكات و ئەوەی راگەیاند لە ئێستادا سەرنجی تەنیا لەسەر راهێنەرایەتی بەرشەلۆنەیە.