پێش یاریەكەیان بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە خولی ئیسپانیا، چاڤی هێرناندیزی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، یاریزانەكان بە شێوازێكی زۆر باش راهێنان دەكەن و لەرووی دەروونیشەوە زۆر باشن و كێشەكەی نێوان گوندۆگان و ئاراوخۆش چارەسەر بووە.

چاڤی دەڵێت، لەم یاریەدا هەلێكی باشمان لەبەردەمدایە كە جیاوازی خاڵەكانمان لەگەڵ ریاڵ مەدرید كەم بكەینەوە، گرنگترین یارییە تا بتوانین فشاری زۆریان بكەینە سەر.

وتیشی: بە یاریزانەكانم راگەیاندوە دەبێت لەسەرەتای یاریەكەوە بە بەهێزی دەستپێبكەن و ئازا بن بەرامبەریان، پێویستە كەسایەتی خۆمان پیشان بدەین و لە تواناماندایە لە بێرنابیۆ بردنەوە بەدەستبهێنین.

چاڤی دوپاتیكردەوە كە رێزێكی زۆریان بۆ ریاڵ مەدرید هەیە و ژمارەكانی ئەو یانەیە ناوازەن چونكە تەنیا یەك شكستیان هەیە و ئەوەی ئەو یانەیە ئەنجامی دەات بەخت نییە چونكە لە دوو ساڵی رابردوودا دوو جار مان سیتیان تێپەڕاندووە.

لەسەر ئەگەری دروستبوونی قەیران لە یانەكەیان لە كاتی شكستدا لە یاری كلاسیكۆدا،چاڤی دەڵێت، بیركردنەوەم ئەرێنییە و تەنیا بیر لە بردنەوە دەكەینەوە نەك هیچ ئەنجامێكی تر، دەمانەوێت تا كۆتایی وەرز كێبڕكێی نازناوەكە بكەین.