
پێش یاری یانەكەی بەرامبەر ناپۆلی، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، هیوادارن لەو یاریەدا شەوێكی ئەفسوناوی بۆ هاندەرەكانیان لە یاریگادا دروست بكەن.
چاڤی وتی: ناپۆلی لە چەند یاری رابردوودا لەگەڵ راهێنەرە نوێیەكەیاندا ئاستیان بەرەوپێش چوە بە پێچەوانەی ئێمەوە كە بە بێ چەند یاریزانێكی پێكراو رووبەڕوویان دەبینەوە سەرەڕای ئەوە دەبێت تا كۆتا سات ركابەریان بكەین.
وتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەو یاریە گرنگترینە لەم وەرزەی یانەكەماندا چونكە دەمانەوێت و بەپەرۆشین بۆ ئەوەی سەركەوتن بۆ قۆناغی چارەكی كۆتایی مسۆگەر بكەین كە ماوەی چوار ساڵە یانەكەمان نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە.
دەشڵێت، هیچ ترسێكمان لە شكست نییە و دەبێت ئەوە بسەلمێنین كە شایستەی ئەوەین ئەم قۆناغە تێبپەڕێنین، دەبێت یاریزانەكانمان هەستێكی نایابیان هەبێت و كۆنترۆڵی باری دەرروونی خۆیان بكەن.
چاڤی دوپاتیكردەوە دڵخۆشە بە ئاستی یاریزانەكان و ئەو پاڵپشتیەی لەلایەن بەرپرسانی یانەكەوە لێیان دەكرێت، دەبێت بە وریاییەوە یاری بكەن چونكە هێڵی هێرشبردنی ناپۆلی زۆر بەهێزە.
رونیشیكردەوە، كاریان لەسەر هەموو سیناریۆكان كردووە بە لێدانە یەكلاكەرەوەكانیشەوە، هەردوو یانە رێژەی سەركەوتنیان لە سەدا 50یە و لاپۆرتای سەرۆكیش پشتگیریان دەكات و بەپەرۆشە بۆ بردنەوە لەو یاریەدا.