چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دوای یەكسانبوونەكەیان بەرامبەر ناپۆلی، پێی وایە تیپەكەی شایەنی ئەوە نییە یەكسان بێت، هەروەها پێیوایە كاتێك گۆڵی یەكەم تۆمار دەكەیت، قورسترین كار دەكەیت، بەرگریان باش بوو، یارییەكەش بە باشی بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ماوەی 75 خولەك زاڵ بوون بەسەر یارییەكەدا، بەڵام گۆڵی یەكسانبوونیان لێ تۆماركرا، ئەمەش چامپیۆنزلیگە، هەرچەندە هەلی زۆریان دروستكرد و شایەنی زیاتریش بوون.

وتیشی: یەكسانبوونەكە جێگەی داخە، چونكە شایەنی بردنەوە بووین، دوای ئەوەی بە گۆڵێك پێشكەوتین، بەڵام كۆنترۆڵمان نەبوو ئەمەش تاكە شتێكبوو لە یارییەكەدا لەدەستماندابوو.

چاڤی دەشڵێت: یاریزانەكان زۆر پێكەوە یەكگرتوون و هەنگاوێكیان بەرەو پێشەوە ناوە، بەڵام دەبێت یارییەكان تەواو بكەین و تۆپەكە كۆنتڕۆڵ بكەین، ئەگەر بەم شێوەیەش بەردەوامبین دەگەینە قۆناغی داهاتوو.