لەكۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا دوای یەكسانبوونەكەی بەرامبەر خیتافی لە خولی ئیسپانیا، چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری بەرشەلۆنە ئاماژەی بەوەكرد، لەم وەرزەدا لە باشترین بارودۆخی خۆیاندا نین، چ لە ڕووی یاریكردن یان چالاكییەوە.

چاڤی دەڵێت "لە بەرامبەر خیتافی هەوڵی خۆماندا و لە كۆتاییدا خاڵێكمان بەدەستهێنا، چیمەنی یاریگاكە باش نەبوو، پێویست بوو لەسەرمان زیاتر جوڵە بە تۆپ بكەین، بەڵام ئەمە پاساو نییە و خۆمان قورس بووین، لەگەڵ ئەمەشدا پێنج هەلی ئاشكرامان بۆ گۆڵكردن ڕەخساند".

چاڤی پێیوایە لە یاریگایەكی قورسدا خاڵێكیان بەدەستهێناوە و ڕكابەرەكەشیان لە یاریگایەكی خۆیاندا یارییان كردووە و بەرگرییەكی چڕیانكردووە، لەگەڵ كارێكی تایبەت لەلایەن كیكی فلۆریسی ڕاهێنەریانەوە.

لە بارەی توڕەبوونەكەی ڕافینیا بەهۆی دانیشاندنیەوە، چاڤی دووپاتیكردەوە، قسەی لەگەڵدا نەكردووە، بەڵام هیچ كێشەیەك نییە و ئەو هانی یاریزانەكانی داوە و پێویستیشە لە خۆیان توڕەبن، چونكە بردنەوەیان دەوێت.

چاڤی باسی لەوەشكرد، زۆر كات بە شەودا یارییان كردووە و ڕاهاتوون بەبێ خۆر یاری بكەن، پێشتریش لەسەر ئەو دۆخە ڕاهێنانیان كردووە، بەڵام قورس بووە، لە یارییەكەشدا چالاكنەبوون لە گواستنەوەی تۆپدا و چیمەنی یاریگاكەش هاوكاریان نەبووە لەوەدا.