
ئاشكرایە هیچ یاریزانێك لە پاریس سانجێرمان نییە كە ركابەری كیلیان مباپێ بكات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ئەستێرەی تیپی یەكەم، دوای ڕۆیشتنی لیۆنێل مێسی و نەیمار، پڕۆژە نوێیەكەی پاریسیش بە تەواوی لەسەر بنەمای هێرشبەرە فەرەنسیەكەیە.
كیلیان مباپێ بڕیاریدا بۆ ماوەی ساڵێكی دیكە لە پاریس بمێنێتەوە، دوای ئەوەی یانەی ڕیال مەدرید هاوینی ڕابردوو ڕەتیكردەوە هیچ ئۆفەرێكی فەرمی پێشكەش بكات، بەڵام گرێبەستی ئێستای لە كۆتایی وەرز كۆتایی دێت، بێگومان یانەی شاهانە هەوڵدەدات ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە .
لەلایەكی دیكەوە پاریس سان جێرمان گرەو لەسەر پڕۆژە نوێیەكەی دەكات بۆ ئەوەی مباپێ ڕازی بكات گرێبەستێكی نوێ واژۆ بكات و بەتەواوی كۆتایی بە چیرۆكی گواستنەوەی بۆ ڕیاڵ مەدرید بهێنێت.
بەڵام پێدەچێت ئەمجارە گرەوەكەی پاریس سانجێرمان لەدەست بچێت، چونكە ئەنجامەكانی یانەكە لەگەڵ لویس ئێنریكی ڕاهێنەر بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ خواستەكانی كیلیان مباپێ ناگونجێت، بەو پێیەی تیپەكە تەنها چوار سەركەوتنی بەدەستهێناوە لەماوەی یەكەم نۆ یاریدا كە لە پاڵەوانێتییە جیاوازەكاندا ئەنجامیداوە.
كیلیان مباپێ ڕۆڵی خۆی بە تەواوی ئەنجام دەدات، بەو پێیەی بە تۆماركردنی هەشت گۆڵ گۆڵكاری یەكەمی یانەكەیە، بەڵام ئەنجامەكان بە باشی بەڕێوەناچن، هەروەها لویس ئێنریكی هێشتا ناتوانێت گۆڕانكاری ڕاستەقینە لەناو یانەكەدا بهێنێتە ئاراوە.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانیش پێی وایە سەرەتای خراپی پاریس مباپێ زۆر نزیك دەكاتەوە لە گواستنەوەی بۆ یانەی ڕیال مەدرید وە ئەو یاریزانە بەهیچ شێوەیەك بیر لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانە پاریسییەكە ناكاتەوە، ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
جێگای سەرنجە یانەی ڕیال مەدرید مافی ئەوەی هەیە لە مانگی یەكی داهاتووەوە دەست بە گفتوگۆكانی لەگەڵ مباپێ بكات بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیدارەی پاریس سانجێرمان، هەروەها هەردوولا دەتوانن گرێبەستێكی فەرمی واژۆ بكەن كە گەرەنتی گواستنەوەی یاریزانەكە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە هاوینی 2024دەكات.