
دۆریڤال جۆنیۆری راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دوای بردنەوەیان لە پاراگوای رایگەیاند، دڵخۆشە بەو ئاستەی یاریزانەكانی لەم یاریە و یاری رابردووشدا پێشكەشیان كرد.
دۆریڤال دوپاتیكردەوە كە ئاستی یاریزانەكانی سەرنجڕاكێشە و زۆر بە باشی لەیەكتر تێگەیشتوون كە یاری لە دوای یاریش زیاتر یەكگرتوو دەبن لە یاریگادا كە ئەوەش سودێكی زۆری دەبێت.
راهێنەرەكەی سامپا ستایشی ئاستی ڤینیسیۆس جۆنیۆری كرد و دوپاتیكردەوە، ئەو یاریزانە كاریگەری زۆری هەیە و رۆڵێكی نایابی هەبوو لە یاریگادا، یاریەكی ئەنجامدا كە نزیكبوو لەوەی بڵێیت لە سەدا سەد بووە، هەلی زۆر باشی دروستكرد.
لە وەڵامی پرسیاری یاری داهاتوویان بەرامبەر كۆڵۆمبیا، دۆریڤال دەڵێت، كۆڵۆمبیا هەڵبژاردەیەكی بەهێزە و یاریزانی زۆر باشیان هەیە بەڵام پێموایە لەو یاریەدا باشتر لە دوو یاری رابردوو یاری دەكەین.
دەشڵێت، ئامانجمان زۆرە لە داهاتوودا و نامانەوێت لە هیچ یاریەكدا تووشی شكست ببین چونكە بەرازیل پێویستی بە بردنەوەیە هەموو كاتێك و تەنها ئەوەش لە بیركردنەوەیدایە.