
بارسێلۆنا نایەوێت بەهۆی دۆسێی نیگرێراوە لەلایەن یۆفاوە سزا بدرێت و لە چامپیۆنزلیگ دووربخرێتەوە. لە كاتێكدا هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ مێسی. بەڵام دۆسێی نیگرێرا بووەتە رێگرێكی نوێی بەردەوام گەڕانەوەكە.
میدیای كەتەلۆنیا ئاشكرایانكردووە، مێسی سوورە لەسەرئەوەی لە ئەوروپا درێژە بە یاریكردن بدات و بیر لە چوونە سعودیە و ئەمریكا ناكاتەوە، بەتایبەت كە دەیەوێت بەشداریی لە چامپیۆنزلیگدا بكات.
بەڵام بۆ بڕیاردان لە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، ئەو یاریزانە ناچارە چاوەڕێی دوا بڕیاری یۆفا بكات، لەبارەی ئەگەری سزادانی یانەی بارسێلۆنا و دوورخستنەوەی لە چامپیۆنزلیگ، بەتایبەت لە ئەگەری سزادانی بارسێلۆنادا، ئەو یانەیە داهاتەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات.
پێشتر یۆفا و چێفێرینی سەرۆكی، لێكۆڵینەوەیان لەدۆسێیەكەی نیگرێرا دەستپێكردووە و ئەگەری دوورخستنەوەی بارسا لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو، ئەگەرێكی بەردەستە.
میدیای كەتەلۆنیا دەڵێن، ئەگەر بارسا لە چامپیۆنزلیگ دووربخرێتەوە، هاتنەوەی مێسی بۆ یانەكە تەگەرەی گەورەی تێدەكەوێت، چونكە داهاتەكانی بارسا زۆر كەمدەكەن و بەوەش ئەو یانەیە ناتوانێ وا بە ئاسانی مێسی بهێنێتەوە ریزەكانی.