دادگای شاری بارسێلۆنا دوای چەند مانگ لە لێكۆلینەوە لەسەر كەیسی نێگریرا ناوبژیوانی پێشووی لالیگا، لەسەر وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن بەرپرسانی پێشووی بلاوگرانا، ئەو یانەیە بە پێدانی بەرتیل تۆمەتبار كرد.

دوای ماوەیەكی زۆر دواجار دادگای شاری بارسێلۆنا، جۆزێپ ماریا بارتیمیۆ سەرۆكی پێشووی ئەو یانەیە و كۆمەڵێك بەرپرسانی پێشووی ئەو یانەیەی بە تۆمەتی پێدانی بەرتیل بە خۆزێ نێگریرا ناوبژیوانی پێشووی خولی ئیسپانیا بەتاوانبار ناساند.

رۆژنامەی ماركا رایگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا یانەی بارسێلۆنا ڕووبەڕووی دۆسیەی پێدانی بەرتیل بە نێگریرا بووەتەوە و ئێستا كێشەكە بۆ ئەوان زۆر گەورەتر بووە، دوای ئەوەی دادگایەكی ئەو شارە دانی بە راستیەكان و بەرپرسانی پێشووی ئەو یانەیەی بە تۆمەتبار زانیوە.

بڕی 7.5 ملیۆن یۆرۆ كە ئەم یانەیە لە ماوەی چەند ساڵێكدا داوە بە جێگری سەرۆكی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانان، لەلایەن دادگایەكی شاری بارسێلۆنا كە كاری لەسەر ئەم دۆسیەیەدا كردووە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، وەك تاوان ناسێنراوە.

خواكین ئاگئرێ، دادوەری ئەم دۆسیەیە ڕایگەیاند، بارسێلۆنا بە فەرمی تۆمەتبار كراوە بە پێدانی بەرتیل بە نێگریرا. جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، ساندرۆ ڕۆسێل، خۆسێ ماریا ئێنریكێز نێگریرا و كوڕەكەی هەموویان لەم دۆسیەیەدا تۆمەتبارن و دەبێت لە دادگا ئامادەبن بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە بدەن.

دادوەری ئەم دۆسیەیە جەخت لەوە دەكاتەوە كە نێگریرا لەم ماوەیەدا فەرمانبەری فەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بووە و لە هەمان كاتدا بڕە پارەیەكی لە یانەی بارسێلۆنا وەرگرتووە و بەو هۆیەشەوە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل وەك بەرپرسێكی حكومی تۆمەتبارە.

نێگریرا تۆمەتبارە بەوەی لە ماوەی 18 ساڵدا وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانان لە یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، حەوت ملیۆن یۆرۆی لە كارگێری پێشووی یانەی بارسێلۆنا وەرگرتووە، ئەویش  لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی كوڕەكەیەوە وەرگرتووە.

ماركا بڵاویشی كردەوە كاتێك نێگریرا پۆستەكەی جێهێشت، بەرپرسانی یانەی بارسێلۆناش وازیان لە پێدانی ئەو بڕە پارانە هێنا. لەكاتێكدایە كە ئەوان بانگەشەی ئەوەیان كردبوو كە ئەوپارانەیان تەنها بۆ هاوكاری و پێشكەشكردنی ئامۆژگاری لەسەر یاساكانی تۆپی پێی پێشكەشی كردووە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، پۆلیسی دادگای شاری بارسێلۆنا چوونەتە نێو دەمەزراوە وەرزشییەكانی سەر بە حكوومەتی ئیسپانیا بۆ ئەوەی زانیاری لەبارەی دۆسیەی نیگرێرا كۆبكەنەوە كە پێشتر فەرمانبەری حكوومەت بووە.