
بەفەرمی یانەی ریاڵ مەدرید پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و لالیگای وەرزی رابردوو داهاتی وەرزی پێشووی یانەكەی ئاشكراكرد و تێیدا ژمارە پێوانەییەكی مێژووی شكاند.
داهاتی یانە ئیسپانییەكە تەنیا لە وەرزی 2023-2024 گەیشتوەتە یەك ملیار و 70 هەزار یۆرۆ، بەوەش ریكۆردێكی مێژوویی تۆماركرد، وەك یەكەم یانە لە وەرزێكدا داهاتەكەی ملیارێك یۆرۆ تێپەڕێنێت، ئەمەش واتای ئەوەیە داهاتی یانەكە لە سەدا 27 زیادیكردووە.
هەر لە راگەیەندراوەكەی ریاڵ مەدریددا هاتووە، قازانجی كۆتایی یانەكە دوای لێبڕینی باج، 16 ملیۆن یۆرۆ بووە، لەم ماوەیەدا ڕیال سەركەوتنی نائاسایی لەسەر ئاستی وەرزشی بەدەستهێنا و بۆ شەشەمین جار لە ماوە 10 ساڵی رابردوودا بوونە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
جگە لە تۆپی پێ، تیپی باسكەی ڕیال مەدریدیش لەم ماوەیەدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و نازناوی خولی ئیسپانی و جامی شا و جامی سوپەری بەدەستهێنا و گەیشتە یاری كۆتایی یۆرۆلیگیش.