بەڕێوبەرانی بەرشلۆنە دەیانەوێت هەموو هەوڵیك بدەن بۆ مانەوەی چاڤی و بەردەوامبوونی لەگەڵ یانەكە.

نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر دوای شكستی بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر ڤیاریاڵ، چاڤی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی دوای یارییەكە ڕۆیشتنی خۆی ڕاگەیاند لە یانەكە و ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەیەكە بیر لەو بابەتە دەكاتەوە و بۆ بەرژەوەندی بەرشەلۆنە پێی باشە دەست لەكار بكێشێتەوە.

ئەو شۆكەی بەهۆی ئەم بڕیارەوە دروست بوو ئەرێنی بوو و بەرشەلۆنە لە دوایین یازدە یاریدا توانیویەتی نۆ بردنەوە بەدەست بهێنێت و هیچ شكستێكی تووش نەبووە.

بێگومان دوای ڕاگەیاندنی دەستلەكاركێشانەوەی چاڤی، قسە و باس لەسەر جێگرەوەی راهێنەرەكە دەستیپێكرد و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر دانوستانەكانی بەڕێوبەرانی بەرشەلۆنە لەگەڵ بژاردەی جیاواز بڵاوبوونەتەوە، بەڵام دوای ئەو ئەنجامە باشانەی یانەكە لە چەند هەفتەیەی ڕابردوودا، لە ئێستادا چەند دەنگۆیەك هەیە كە پێدەچێت خوان لاپۆرتا و دیكۆ پلانیان هەبێت بەم زووانە دانوستان لەگەڵ راهێنەرەكە بكەن تا لە بڕیارەكەی پەشیمانبێتەوە.

سپۆرت لەوبارەیەوە نووسیویەتی، گەڕان بۆ دۆزینەوەی ڕاهێنەرێكی نوێ بۆ بەرشەلۆنە وەستاوە، لاپۆرتا تا یەكلابوونەوەی چامپیۆنزلیگ هیچ بڕیارێك لەبارەی هەڵبژاردنی جێگرەوەی چاڤی نادات، سەرۆكی یانەكە لە ئەگەری كرانە دەرەوەشیان لە پاڵەوانێتیەكە ئارەزووی مانەوەی چاڤی دەكات ، بەڵام ئەگەر دڵنیا بوەوە راهێنەرەكە دەڕوات ئینجا هەوڵەكانیان بۆ گواستنەوەی راهێنەری نوێ دەستپێدەكەنەوە.