
كێڤن دی بڕۆین، ئەستێرەی بەلجیكا و یانەی مانچستەر سیتی هێرشێكی توند كردە سەر یەكیتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ و یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بەهۆی زیادكردنی ژمارەی یارییەكان.
دی بڕۆین پێی وایە، ئاڵۆزی خشتەی یارییەكان، كاریگەری لەسەر یاریزانان دروستكردووە، فیفا و یوفاش گرنگی بە تەندروستی و سەلامەتی یاریزانان نادەن.
ئەمە لە كاتێكدایە یوفا لەم وەرزەدا ژمارەی یانەكانی چامپیۆنز لیگ و یۆرۆپا لیگ و كۆنفرانس لیگی بۆ 36 یانە زیادكردووە بەو هۆیەشەوە بە رێژەیەكی بەرچاو ژمارەی یارییەكان زیاد دەكات.
دی برۆین دەڵێت: كێشە راستەقینەكە لە دوای زیادكردنی ژمارەی یانەكان لە مۆندیالی یانەكان سەریهەڵدا، دەزانین تەنیا سێ هەفتە لە نێوان تەواوبوونی پریمەرلیگ و دەستپێكردنی مۆندیالی یانەكان هەیە، باشە ئێمە تەنیا سێ هەفتەمان بۆ وەرگرتنی پشوو و خۆئامادەكردن بۆ 80 یاریی هەیە.
دەشڵێت: رەنگە ئەمساڵ شتەكان كێشە دروست نەكەن، بەڵام ساڵی داهاتوو، كێشەی زۆر دروست دەبن، ئێستا یەكێتیی یاریزانانی پیشەگەری ئینگلتەرا و چەند رێكخراوێكی دیكە، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدەن، لە كاتێكدا یوفا و فیفا بەردەوام ژمارەی یارییەكان زیاد دەكەن، بەڵام پێدەچێت دەنگی پارە لە دەنگی ئێمە بەرزتربێت.