
ئەنخێل دی ماریای ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی كۆتاییدێت و تا ئێستاش نەگەیشتووەتە ڕێككەوتن بۆ نوێكردنەوەی.
پێگەی كالچیۆ مێركاتۆی ئیتاڵی بڵاویكردووەتەوە، دی ماریا لە ئێستادا داهاتووی خۆی لەگەڵ یۆڤانتۆس یەكلاناكاتەوە و چاوەڕێی ئەوە دەكات كە لیۆنێل میسی هاونیشتمانی بگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنە.
پێگەكە رایگەیاندوە، ئەگەر میسی بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە ئەوا بە دڵنیاییەوە دی ماریا خۆی پێشكەشی ئەو یانە كەتەلۆنیە دەكات دەكات و دەیەوێت لەگەڵ ئەستێرە هاونیشتمانیەكەیدا پێكەوە لە یاریگای كامپ نۆ یاریبكەن.
ئاشكراشیكردووە، لە ئێستادا دی ماریا چاوەڕێی ئەوە دەكات كە لیۆنێل میسی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی بۆ بكات ودڵنیای بكاتەوە كە لە وەرزی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەرشەلۆنە، ئەوكات ئەویش بڕیار دەدات بچێتە هەمان یانە.
رونیشیكردووەتەوە، هاوینی رابردوو دی ماریا لەسەر مێزی گفتوگۆكردنی یانەی بەرشەلۆنە بوو بۆ گواستنەوەی بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتن و دواتر بۆ ماوەی یەك وەرزی گرێبەستی لەگەڵ یۆڤانتۆس ئیمزا كرد.