
ڕێگای کوردستان/ ھۆڵەندا
یایزانێکی کورد لە یارییەکانی"ھوونەری جەنگی تێکەڵاو- Mixed martial art "دا لە ھۆڵەندا، توانیوویەتی لە دوو ڕووبەڕووبوونەوەدا سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و لە یاریزانێکی ڕووسی و ھۆڵەندییەک بباتەوە.
"دیاکۆ شێرکۆ نووری"یاریزانی کورد لە یارییەکانی ھوونەری جەنگی تێکەڵاو و دانیشتووی شاری"ئەنشخەدە" لە وڵاتی ھۆڵەندا، لە ماوەیەکی کەمی تێکەڵبوون لەگەڵ ئەم یارییەدا، توانیوویەتی ئاست و توانای خۆی زۆر بالش بباتە سەرەوە و لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیشدا توانیوویەتی سەرکەوتنێکی مەزن دەستەبەر بکات.
ئەم پالەَوانێتییە ھەفتەی ڕابردوو لەشاری"ئەنشخەدە" لە ھۆڵەندا بەڕێوەچووە و دیاکۆش لەو پاڵەوانێتییەدا کە لە کێشی ٧٠ کیلۆگرام ڕووبەڕووی یاریزانێکی ھۆڵەندا و ڕووسیا بۆتەوە، توانیوویەتی ھەردوو ڕووبەڕووبوونەوەکە بباتەوە و سەرکەوتن بەدەست بێنێت.
دیاکۆ کە لەشارەکەی خۆی لە ھۆڵەندا بە"دیەگۆ"ناسراوە، کوڕی کەسایەتی و تێکۆشەری دێرین و ناسراوی شاری قەڵادزێ "شێرکۆ شێخ نووری"یە.
ھەروەکوو خۆی گوتی، دیاکۆ زیاتر لە سێ ساڵە بەشێوەیەکی ئەکادیمی سەرقاڵی ئەم یارییەیە. بەردەوام لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی مامۆستا و ڕاھێنەری تایبەتی دا سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنانە.
لە لێدوانێکدا بۆ "ڕێگای کوردستان"، دیاکۆ گوتی، بۆ گەیشتن بەو پلەیەی ئێستا زەحمەتی و ئازاری زۆری چەشتووە، پەنجەی دەست و قاچ و ھەروەھا پەراسووی شکاوە، برینی قورس لەسەر دەموچاوی دەرکەوتووە بەڵام کۆڵی نەداوە. زۆرجاریش بەھۆی برینداریی و پێکانەوە نەیتوانیوە لە پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری بکات.
ناوبراو ھەروەھا گوتی"سەرەتای تێکەڵ بوونم لەگەڵ ئەم یارییەدا لەشاری سلێمانییەوە دەستی پێکردووە لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری مامۆستا(عیسا فەیزی) کە زۆر ماندوو بووە لەگەڵمدا و بۆماوەی نزیکەی یەک ساڵ".
دیاکۆ لە ئێستادا لە شاری ئەنیشخەدە لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی وڵاتانی جۆراوجۆر لەھۆڵێکدا، لە ھەفتەیەکدا سێ ڕۆژ و لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری مامۆستا و ڕاھێنەری شارەزا و بەزمووندا، بەشێوەی چڕوپڕ سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنانە.
ئەم یاریزانەی بواری یارییەکانی"ھوونەری جەنگی تێکەڵاو"ھەروەھا ئاشکراشی کرد، لەسەرەتاکانی مانگی مارسی ٢٠٢٤ بڕیاروایە بەشداری چەند پاڵەوانێتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بکات و ھەر لەئێستاشەوە سەرقاڵی مەشق و ڕاھێنانە بۆئەوەی ئەنجامێکی شایستە بەدەست بێنێت.
ناوبراو بەوپەڕی باوەڕ و متمانە بەخۆبوونەوە دەیگووت"خەونم ئەوەیە ئاست و توانام بەچێتە ئاستێک کە ببمە یاریزانێکی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا و بتوانم شانازییەکی گەورە بۆ کوردستان تۆمار بکەم.لە ھۆڵەنداش دەرفەتی باشم لەبەردەم دایە بتوانم پەرە بە ئاست و تواناکانم بدەم و خۆم بەرەو پێشەوە ببەم و ئەو خەونەم لەسەر زەمینی واقیع بەرجەستە بکەم".
"ھیوادارم ڕۆژێک بگەڕێمەوە کوردستان و بتوانم بەھاوکاری دڵسۆزان ئەکادیمیایەک لەبوارەکانی ھوونەری جەنگی تێکەڵاو"دابمەزرێنم بۆ پێگەیاندنی یاریزانی ئاست بەرز لە ئاستی جیھانیدا. دیاکۆ لە کۆتایی قسەکانیدا ئەمەی بۆ خوێنەرانی ڕێگای کوردستان ئاشکراکرد.