پاولۆ دیبالا لە یانەی ڕۆما بە زووی خۆی گونجاندووە و لە ئێستادا یەكێكە لە خۆشەویسترین یاریزانەكانی یانەكە، ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە لە پاش ئەوەی دی رۆسی بووە بە راهێنەر ئاستی باشتر بووە و لە دوو یاریدا چوار گۆڵی تۆماركردووە.

دیبالا لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا سەرسامی خۆی بۆ كلتوری ئیتاڵیا و رۆما دەربڕی و باسی لەوەشكرد دەیەوێت ماوەیەكی درێژلەگەڵ یانەكە بمێنێتەوە، ئەمەش وایكرد جێی خۆی لە نێو دڵی هاندەرانی یانەكەدا بكاتەوە لە دەرەوەی یاریگاش.

دیبالا لەو چاوپێكەوتنەدا وتی: من هەمیشە حەزم لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بووە و شوێن هەموو شتێكی پەیوەست بە ڕۆمەكان دەكەوتم، پێموایە لە ژیانی پێشوومدا ڕۆمانی بووم، شارەكە جادوویە، كاتێك منداڵ بووم لە ئەرجەنتین، سەیری فیلمەكانم دەكرد دەربارەی ڕۆما و عاشقی كولتووریان بوبووم، یەكەم ڕۆژ كە هاتمە ئیتاڵیا و چوومە ناو شاری ڕۆما، وەك ئەوە وابوو گەیشتبم بە خەونەكەم.

راشیگەیاند، تۆپی پێ خەونی منداڵی بووە و ئێستاش هەروایە، لە ئەرجەنتین منداڵ لە دایك دەبێت لەگەل ئەم یارییە گەورە دەبێت، باسی لەوەشكرد، جیالە تۆپی پێ حەزی بە سینەماش هەبووە، فیلمی گلادیاتۆر كە باسی مێژووی رۆمییەكان دەكات یەكێكە لە فیلمە دڵخوازەكانی.