دیدیە دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا دوای بردنەوەیان لە پورتوگال رایگەیاند، رووبەڕووبونەوەكەیان ئاڵۆز بووە و دەكرا بە هەردوو ئاڕاستەكەدا كۆتایی بێت.

دیشامپ دەڵێت، ئەگەر یاریەكە كاتی زیاتریشی لەسەر بوایە ئەوا ئاڵۆزییەكان زیادی دەكرد چونكە هەردوولا ماندووبوون و یاریزانەكان هۆكاری بردنەوەكە بوون.

دەشڵێت، مباپێ لە ژێر فشارێكی زۆردابوو جگە لەوەش هەستی بە ئازار و ماندوبون دەكرد لەبەرئەوە گۆڕانكاریم پێكرد، ئەو یاریزانە هەمیشە راستگۆ بووە لەگەڵ من و هاوڕێكانیشیدا.

راشیگەیاند، چەند وردەكاریەكی بچوك بووە هۆكاری دروستبوونی جیاوازیەكان لە یاریەكەدا، دڵخۆشە بە ئاستی یاریزانەكانی چونكە باشترینی خۆیان پێشكەش كردووە و هەموو ئەنجامەكانیش بەهۆی یاریزانەكانەوەیە.

دوپاتیشیكردەوە كە لە یارییەكانی داهاتوودا پێویستیان بە تۆماركردنی گۆڵە چونكە ناتوانن هەموو یاریەك پشت بە بێ توانایی بەرامبەریان ببەستن كە گۆڵ تۆمار نەكەن.