
لە شوێنی مەشق و راهێنانەكانی هەڵبژاردەكە دیدێ دیشامپی راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئەنجامداوە و تێیدا رایگەیاند، مباپێ هەمیشە دەیەوێت لە لووتكەدا بێت لە یاری كۆتایی جامی سوپەری ئەوروپاش گۆڵی تۆماركرد و لە یاری بەرامبەر بیتسیش، لەبەر ئەوە بە دڵخۆشیەوە پەیوەندی بە شاندی وڵاتەكەیەوە دەكات.
راهێنەرەكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە یۆرۆ كۆتایی پێهاتووە و لەبیریان كردووە، لە ئێستادا دەیانەوێت گرنگی بە دوو یاری داهاتوویان بدەن بەڵام سەد لە سەد ئامادە نین بۆ یارییەكان.
دیشامپ سەبارەت بە گریزمانیش وتی: ئەنتوان لە یۆرۆ لە لوتكەی ئاستی خۆیدا نەبوو و هەمان شت بۆ یاریزانە هێرشبەرەكانی دیكەش ڕاست بوو، لە كۆتایی وەرزدا كاتێكی سەختی بەسەر برد و یانەكەشی چاوەڕوانییەكی زۆریان لێی هەبوو، كێشەی یاریزانەكە ماندوێتی جەستەیی و دەروونی بوو.
باسی لەوەشكرد، پاڤاردی لەبەر ئەوە بانگێشت نەكردووە دەیەوێت یاریزانی نوێ لەگەڵ هەڵبژاردەكە تاقیبكاتەوە و بڕیاری مانەوەی كومانیشی لە بایرن بە ئاسای ناوبرد.