
یەكێتی تۆپی پێی فەرەنسا دڵەتنگ و توڕەیە سەبارەت بەو ڕووداوە سەیرەی كە لە كاتی یاری كۆتایی كۆپا ئەمریكا ڕوویداوە لە ماوەی پێشوودا كە لە یارییەكەدا تانگۆ بە گۆڵێكی بێوەڵام لە كۆڵۆمبیای بردەوە.
دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكرایەوە كە تیایدا یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دروشمی ڕەگەزپەرستانە دژی یاریزانانی فەرەنسا بەتایبەت كیلیان مباپێ دەڵێنەوە، ئەو دەستەیە بە سەرۆكایەتی فیلیپ دیالۆ بڕیاریداوە سكاڵا لەلای فیفا تۆماربكات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، یەكێتی تۆپی پێی فەرەنسا نامەیەك بۆ یەكێتی تۆپی پێی ئەرجەنتین دەنێرێت بۆ ئەوەی بەرگری خۆیان لەبارەی ڕووداوەكەوە رابگەیەنن.
ئەمێلی ئۆدیا كاسترێ وەزیری وەرزشی فەرەنساش، بە شێوەیەكی تایبەتی بەدواداچوونی بۆ ئەم كەیسە كردووە و لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی وڵاتەكەدا پێكەوە كۆدەبنەوە سەبارت بە كەیسەكە.